هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران پەکخستووە و رێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ کردووە
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
بڵاوبوونەوەی ئەنجامی
هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا و سەرکەوتنی دیموکراتەکان، پەیامێکی روونی
دا بە کۆشکی سپی کرد کە دەنگدەران خوازیاری دوورکەوتنەوەن لە تێوەگلانی ئابووری و
سەربازی لە ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆییەی ئەمریکاش
کاردانەوەی راستەوخۆی بەسەر رێڕەوی دانوستان و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و
تاران دروستکردووە.
عەباس
عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا راستەوخۆ ئاماژەی بە کاریگەریی
دەستبەجێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد و رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئەمریکا
بوونەتە هۆی راگرتنی کاتیی هەوڵی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان، وتیش، تاران پێیوایە
تا کاتی روونبوونەوەی سیاسەتە گشتییەکانی ئیدارەی ئەمریکا، بەردەوامیدان بە
دانوستانە ناڕاستەوخۆکان پەکیکەوتووە و پرۆسەکە پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی نوێ
هەیە.
لە
بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەگەری فەرمانکردن
بە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران بەدوور دەزانرێت لە کاتێکدا بەرەوپێشچوون لە
دانوستانەکاندا هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە دوورخستنەوەی بژارەی سەربازی
بەستراوەتەوە بەوەی ئایا تاران ئامادەیە رێککەوتنێکی زۆر بەهێز واژۆ بکات یان نا، لای
خۆیەوە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا، هاووڵاتییانی وڵاتەکەی
بێزارن لە گرژییە بەردەوامەکان و نایانەوێت ئەمریکا بچێتە نێو جەنگێکی بەرفراوان و
بێکۆتایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پاشەکشەی لێدوانەکانی
بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پرۆسەی
دیپلۆماسیی بە تەواوی دانەخستووە و نەکراوەتە قوربانیی شەڕ، بەڵکو کەناڵەکانی
نێوەندگیریی خستووەتە دۆخی وەستانی کاتی تاوەکو هەردوولا لە سەر چوارچێوەیەکی نوێ
دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکان.
PM:08:12:09/11/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت