بودجەی 2027 لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران لابرا؛ ناکۆکی لەسەر پشکی هەرێم سەرهەڵدەداتەوە

‌

وێستگەنیوز- 

چەند میدیایەکی عێراق لەزاری سەرچاوە ئاگادارە حکومییەکانەوە بڵاویانکردەوە: بڕگەی گفتوگۆ لەباره‌ی بودجەی 2027 لە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەرهێنراوە.

بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە هۆکاری لابردنی گفتوگۆ لەباره‌ی بودجە لە دانیشتنی سبەی حکومەت بۆ ناکۆکی هەولێر و بەغدا دەگەڕێتەوە سەبارەت بە پشکی کوردستان لە بودجەکە.

دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی 2027، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت خۆیشی چووەتە بەغدا.

بەپێی ئەو ڕەشنوسەی کە دەست وێستگەنیوز کەوتووە، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2027ی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای 12.7%ی تێکڕای خەرجی ڕاستەقینە دیاریکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم داوا دەکات پشکی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە دەربهێندرێت و بڕەکەشی لەسەر بنەمای دواین سەرژمێری بۆ 14.14% زیاد بکرێت.

سەرباری ئەمە بەپێی ڕەشنوسەکە دەبێت هەرێم ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ بکات، لەمەش زیاتر لە بودجەی ئەمجارەدا ڕادەستکردنی زیادەی بەرهەمی غازی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵ کراوە بەمەرج بۆ ناردنی موچە، بەپێچەوانەوە بەغداد دەیەوێت بەهای غازەکەش لە پشکی هەرێم ببڕێت.

بڕگەیەکی تری ڕەشنوسی بودجەکە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات بەوەی، بۆی نییە هیچ جۆرە گرێبەستی نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیا جیهانی یاخود ناوخۆییەکان بکات، ئەمەی بە ئەرکی تاقانەی وەزارەتی نەوت دیاریکردووە.


PM:02:58:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت