بە سەرپەرشتی ئەردۆغان خشتەی کاتیی چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ کرا

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆگان لە ئەنقەرە کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی، کە لە سەرووی هەموویانەوە دیاریکردنی خشتەی کاتیی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بوون.


لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی پڕۆژەی ناسراو بە "تورکیای بێ تیرۆر" و رێکارەکانی چەکدانانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا کرا. هاوکات تیشک خرایە سەر کارەکانی لیژنەی باڵای سەرۆکایەتی بۆ نەهێشتنی چەک، چالاکییەکانی لیژنەی چاودێریی پەرلەمان، لەگەڵ دانانی خشتەیەکی کاتیی روون بۆ قۆناغەکانی داهاتووی ئەم پرۆسەیە.

لە تەوەری ئابووریشدا، کابینەکەی ئەردۆگان تاوتوێی باشترکردنی بژێویی 18 ملیۆن خانەنشینی کردووە کە 5 ملیۆنیان کەمترین مووچە وەردەگرن، بە مەبەستی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان. بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی حکومەتی تورکیا، دەوڵەت کار لەسەر پڕۆژەی هاوکاریکردنی خانەنشینان دەکات لە رێگەی پێدانی "پشکی خۆشگوزەرانی" و گونجاندنی لەگەڵ ساڵانی خزمەتیاندا.

هاوکات بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گەندەڵیی سندووقەکانی وەبەرهێنان کرا بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ژێر رۆشنایی جێبەجێکردنی یاسای 7596.

سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆگان و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، و ئامادەکارییەکان بۆ لووتکەی کەشوهەوای "COP31" لە ئەنتاڵیا کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ کۆشکی سپی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبن.

ئەم کۆبوونەوەیەی کابینەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی سیاسی و مەیدانی چەند گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانە راگەیاندنی شاندی ئیمراڵی سەر بە دەم پارتی سەبارەت بە گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ، لێدوانەکانی سۆزدار ئاڤێستا لەبارەی پاشەکشەی گەریلاکانی پەکەکە لە مەتینا و رەخنەگرتن لە دواکەوتنی پێکهێنانی کۆمیسیۆنی چاودێریی پەرلەمان لەلایەن دەوڵەتەوە، لە پاڵ ئەو فشارە داراییەی بەهۆی قەرەبووکردنەوەی سندووقەکانی وەبەرهێنان لەسەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دروستبووە.


AM:11:58:09/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو