تاران لەسەر کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی هاتە دەنگ
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و مەترسییەکانی دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو ئیدارەیی ئاشکرا دەکات و داوا دەکات دەستووری عێراق بکرێتە بنەمای چارەسەر.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەڕەشەی دوو ئیدارەیی، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هیوادارین ئەم ناکۆکییانە لە رێگەی گفتوگۆی نێوان هەردوو لایەن و هەروەها لە نێوان بەرپرسانی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق چارەسەر بکرێن".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "دەستووری عێراق لەم بارانەدا مەسەلەکەی روونکردووەتەوە و لە هەر وڵاتێکدا، دەستوور باشترین بنەما و پەناگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا، بەقایی روونیکردەوە کە فشارەکان هەرچەندە قورس بن ناتوانن پەیوەندیی دێرینی نێوان ئێران و عێراق تێکبدەن و وتی: "ئێران و عێراق دراوسێی هەمیشەیین؛ ئەوانی تر دێن و دەڕۆن، بەڵام ئێمە دەبێت پێکەوە بژین". ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراقییەکان لەبیریان نەچووەتەوە لە کاتی هێرشی ئەمریکادا، ئێران پشتیوانی خەڵکی عێراق بووە و گوێی بە سزاکان نەداوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە پرسی گەرووی هورمز و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، پرۆژە 2 رۆژەکەی ئێران لۆژیکیترین نەخشەڕێگایە لەسەر مێز دانراوە بۆ سەقامگیریی کەنداوی فارس، بە مەرجێک ئەمریکا گەمارۆ نایاساییەکان هەڵبگرێت، دەستبەرداری جەنگخوازی بێت و پابەندی 14 بڕگەکەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بێت. هاوکات بە تانەوتەشەرەوە رەخنەی لە فەرماندەی سێنتکۆم گرت کە پاش دەستکەوتەکانی لە میناب و سیریک، ئێستا رووی لە کاری پۆدکاست کردووە و دەیەوێت ئەڵقەیەکی نوێی فیلمی کارتۆنی (کیسەڵەکانی نینجا) دروست بکات.
سەبارەت بە دۆخی غەززەش، بەقایی رێگری لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی وەک بەشێک لە کەمپەینی کۆمەڵکوژی دژی 2 ملیۆن هاووڵاتی وەسف کرد، بەوپێیەی لە کۆی 600 بارهەڵگری رێککەوتوو، تەنها 120 بۆ 122 بارهەڵگر لە رۆژێکدا لە سەرمای زستاندا دەچنە ناو کەرتی غەززە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە چاودێریکردنی دۆخی سنووری ئەرمینیا کرد پاش وەرگرتنی دڵنیایی لە نەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی تاران بە پەیماننامەی NPT و ئەنجامدانی پشکنینەکانی وێستگەی بوشێهر کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بە توانای پزیشکی و خانە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکەی دا کە بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 250 مۆڵەتی نێودەوڵەتی و هەناردە بۆ 70 وڵات، بووەتە قەڵغانێکی بەهێزی بەرگریی ئابووری لە بەرامبەر گەمارۆکاندا.
AM:11:43:09/11/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت