نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ وێستگەنیوز: پێشبینی دەکەین نەوتەکەی بەغدا لە ماوەی 10 ڕۆژی تردا بگات
وێستگەنیوز – فیردەوس دڵشاد
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند، تا ئەم ساتە کاتی دیاریکراوی گەیشتنی نەوتی سپیی بەغدا بۆ هەرێم ڕوون نییە و سەرقاڵی ڕێکارە ئەمنییەکانن، بەڵام پێشبینی دەکەن لە ماوەی 10 ڕۆژدا نەوتەکە بگاتە ناوچەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، سەلام عومەر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا تایبەت بە ماڵپەڕی وێستگەنیوز ڕایگەیاند: تاوەکو ئەم ساتە دیار نییە کەی نەوتەکەی عێراق دەگاتە هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی تەواوکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان و سەیتەرەکانن لەگەڵ ڕێکخستنی میکانیزمی گواستنەوە و گەیشتنی نەوتەکە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەبارەت بە وادەی پێشبینیکراوی گەیشتنی نەوتەکە وتی: تاوەکو ئەم ساتە وادەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە ماوەی 10 ڕۆژدا ئەو نەوتەی بەغدا بگاتە دەستمان و دواتر ڕێکارەکانی دابەشکردنی دەستپێبکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندبوو پشکی نەوتی سپیی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ وەرگرتن، هاوکات بەهۆی دەستپێکردنی شەپۆلی سەرما، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە 320 هەزار دینار و هاووڵاتییان چاوەڕێی گەیشتنی نەوتی حکومین بۆ دابەزاندنی نرخەکەی.
AM:09:29:09/11/2026
ئهم بابهته 500
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت