ئومێد خۆشناو: رێژەی زۆری بارانبارین هۆکاری لافاوەکە بوو
وێستگەنیوز- بابان عومەر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە رێژەی زۆری بارانبارین هۆکاری دروستبوونی لافاو بووە لە چەند گەڕەکێکی شارەکە و بەداخەوە 2 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە ژیانی 300 هاووڵاتی لە مەترسی رزگار بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوێنێ بارانی زۆر باری و لە چەند گەڕەکێک لافاو دروست بوو، بەداخەوە لە لافاوەکەی دوێنێدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا و لیژنەیەکیش بۆ دیاریکردنی زیانەکان پێکهێنراوە".
سەبارەت بە هەوڵەکانی فریاکەوتن، پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە کە هەموو تیمەکان بەیەکەوە کاریان کردووە و فریای هاووڵاتییان کەوتوون، وتیشی: "تیمەکان دوێنێ فریای 300 کەس کەوتن و دەربازیان کردن". ئاماژەی بەوەش کرد کە هاووڵاتییان و کەرتی حکومی زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تیمەکان دەستیان بە کار کردووە و لە ماوەی 2 رۆژدا تەواوی شار پاک دەکرێتەوە.
لەبارەی سزاکانی هاتوچۆ و قەرەبووکردنەوە، ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد کە سەرپێچییەکانی هاتوچۆ لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی دوێنێوە تاکو بەیانیی ئەمڕۆ هەژمار ناکرێن؛ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا، پارێزگاری هەولێر هۆشداری دا و وتی: "هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".
PM:04:25:08/11/2026
ئهم بابهته 372
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت