24 کاتژمێر مۆڵەت دەدرێتە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی لیژنەی یاسایی
وێستگەنیوز-
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارە یاساییەکان، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ناوی کاندیدەکانیان بۆ ئەندامێتی لە لیژنەی یاسایی رادەست بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای بانگهێشت و داواکاریی پێشتری سەرۆکی پەرلەمان، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکان کراوە تاوەکو سبەی دووشەممە ناوی ئەندامانی خۆیان بۆ پێکهێنانی لیژنەی یاسایی پێشکەش بکەن، ئەمەش بە ئامانجی زەمینەسازی تاوەکو لیژنەکە بە زووترین کات دەست بە کارە فەرمییەکانی بکات.
هاوکات، بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لیستی ناوی نوێنەرەکانیان ئامادە کردووە و بڕیارە لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا بە فەرمی رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن.
لیژنەی یاسایی بە یەکێک لە سەرەکیترین و کاریگەرترین لیژنەکانی ناو پەرلەمان دادەنرێت؛ بەوپێیەی زۆرینەی رەهای پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاساکان سەرەتا ئاراستەی ئەو دەکرێن، بە مەبەستی داڕشتنەوە و دیاریکردنی رێڕەوی یاسایی پێش ئەوەی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بخرێنەڕوو.
ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت، لە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستیان پێکردەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، کە تێیدا هەریەکە لە ڤالا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری بە جێگری سەرۆک و مونا قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان، بە دەنگی سەرجەم ئامادەبووان (52 دەنگ) متمانەیان پێبەخشرا.
PM:12:09:08/11/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت