شارەزایەکی کەشناسی بۆ وێستگەنیوز: ئەمڕۆ مەترسی دروستبوونی لافاو لە سەیدسادق، هەڵەبجە، دەربەندیخان و باکووری گەرمیان هەیە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند، بەپێی داتاکان تا کاتژمێر 9:00ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، کۆی گشتی رێژەی بارانبارین لە سلێمانی گەیشتووەتە 91.6 ملیم لەکاتێکدا ساڵی پار تاکو ئەم کاتە سفر بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ئێستاوە تا ئەمشەو ناوبەناو باران ببارێت، بەڵام بە گشتی بارانەکە لاوازە و تەنها ئەگەری بارانی بەهێزی کورتخایەن لە سلێمانی، ناوچەکانی هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین ماوە.


ئەو شارەزایەی کەشناسی هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات و دەڵێت: "نوێترین زانیاری ئەوەیە کە بەپێی پێشبینییەکان، ئەمشەو مەترسی دروستبوونی لافاو لە دەوروبەری سەیدسادق، هەڵەبجەی شەهید، دەربەندیخان و باکووری گەرمیان هەیە، هەروەها ئەمشەو تەمومژ دروست دەبێت و لە درەنگانی ئەمشەوەوە بۆ پێشنیوەڕۆی سبەینێ بارانبارین کۆتایی دێت و کەشەکە سەقامگیر دەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بارانی باشتر لە رێیە، بەتایبەتی بۆ مانگی 12 و مانگەکانی وەرزی بەهار.

سەبارەت بە هاتنی شەپۆلی سەرما، پشتیوان پێنجوێنی روونیکردەوە، لە سبەینێوە بارستەهەوایەکی سارد دێتە ناوچەکە و پلەکانی گەرما 3 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە؛ بۆ سبەی شەو و شەوانی داهاتووش لە سلێمانی سەرمایەکی بەهێز دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە 0 پلە، هاوکات لە پێنجوێن و حاجی ئۆمەران سەرماکە توندتر دەبێت و پلەکانی گەرما بۆ خوار 0 پلە دادەبەزن.

ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەم بارستەهەوا ساردە لە بەیانی و دووبەیانییەوە تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، دواتر لە نێوان 13 بۆ 16ی مانگ بۆ ماوەی رۆژێک کەشەکە گەرم دەبێتەوە، بەڵام لە 25ی 11 بەدواوە بە فەرمی سەرما دەستپێدەکات.


AM:11:00:08/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو