کەشناسی وادەی کۆتاییهاتنی باران و بارینی بەفر ئاشکرا کرد
وێستگەنیوز –فیردەوس دڵشاد
کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلی بارانبارین لە درەنگانی ئەمشەودا بە تەواوی کۆتایی پێبێت و لە حاجی ئۆمەرانیش بەفر ببارێت؛ هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی وشک و سارد، ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە و پلەکانی گەرما لە شەواندا بۆ 0 پلە دادەبەزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین بە شێوەیەکی لاواز و پچڕپچڕ تا درەنگانی شەو بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام دەبێت.
لە ئێوارەی ئەمڕۆشەوە بارستەهەوایەکی وشک و سارد لە باکوورەوە دەگاتە ناوچەکە و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە سەنتەری حاجی ئۆمەران و ناوچە شاخاوییەکانی بەرزیی سەرووی 1600 مەتر هەیە، پاشان شەپۆلەکە بە تەواوەتی کۆتایی دێت.
بۆ سبەی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەم، کەشوهەوای هەرێم جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام بەهۆی کاریگەریی ئەو بارستەهەوا ساردەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە دادەبەزن و لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ 0 پلەی سیلیزی سفری سەدی دادەبەزن.
ئەم سەرمایە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، ڕۆژی هەینی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و کەشوهەواش جێگیر دەبێت، لە ڕۆژی شەممە 14ـەی مانگەوە، بەهۆی دروستبوونی بەرزەپاڵەپەستۆیەک لە ناوچەکەدا، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.
پێشبینی دەکرێت ئەم سەقامگیرییەی کەشوهەوا تاوەکو 20ـی مانگ بەردەوام بێت و پاش ئەو بەروارەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین لە ئارادایە.
AM:08:46:08/11/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت