چەند ڕۆژێک دوای کردنەوەی پڕۆژەیەکی نزیکەی 5 ملیار دیناری لە خورماتوو ڕووخا
وێستگەنیوز –فیردەوس دڵشاد
بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەوە، بەشێکی زۆری ڕێگەی بازنەیی قەزای خورماتوو کە تێچووەکەی نزیکەی 5 ملیار دینار بووە و تەمەنی تەنها چەند ڕۆژێک بوو داڕما؛ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدینیش داوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار دەکات.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین ڕایگەیاند: ڕێگەی بازنەیی خورماتوو، کە تێچووەکەی 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار بوو و درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە، لە 28ـی تشرینی یەکەم کرایەوە، بەڵام لەگەڵ یەکەم شەپۆلی بارانبارین و لافاودا ڕووخا.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین جەختی کردەوە لەوەی، پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکاردا بکرێت لەسەر هۆکاری داڕمانی ڕێگاکە و کوالیتیی کارکردنی.
یاسین داودی باسی لەوەش کرد، پێشتریش هۆشدارییان لەبارەی مەترسیی لافاو لەو سنوورە دابوو، وتیشی: چەندین جار هۆشداریمان دابوو کە ناوچەکە پێویستی بە پردێکی بەرزە نەوەک ڕێڕەوێکی نزم، جێبەجێکردنی ئەو پلانەش پێویستی بە نزیکەی 20 ملیار دینار بوو، ڕامانگەیاندبوو کە دەبێت پارێزگار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق قسە بکات بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بۆ تەرخان بکرێت تا کێشەکە بە بنەڕەتی چارەسەر بێت.
AM:10:30:07/11/2026
ئهم بابهته 256
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت