پەرلەمانتارێکی پارتی: یەکێتی خەریکی کاتکوشتن بوو و بەلایەوە گرنگ نەبوو کە پەرلەمان ناکارایە
وێستگەنیوز-
پەرلەمانتارێکی پارتی رەخنەی توند لە هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، یەکێتی لە دانوستانەکاندا تەنها خەریکی کاتکوشتن بووە و گرنگ نەبووە بەلایەوە کە پەرلەمان ئەو ماوە دوورودرێژە ناکارا بێت.
شەهرام عەلی کەژۆ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئاماژەی بەوە کرد، کە رۆژێکی مێژوویی و هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە دوای زیاتر لە 2 ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی درێژەیەکی زۆری کێشا و وتی: "وەکو پارتی زۆر چاوەڕێ بووین بتوانین بە پاکێجێکی گشتگیر و بە رێککەوتنێک، هەم پەرلەمان کارا بکرێتەوە هەمیش رێکارەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵام لایەنی بەرانبەری ئێمە هەر خەریکی کاتکوشتن بوو، بەلایانەوە گرنگ نەبوو کە ئەو ماوە دوورودرێژە پەرلەمان ناکارایە".
ناوبراو روونیکردەوە کە دۆخی هەستیاری ناوچەکە رێگە نادات دامەزراوەیەکی وەکو پەرلەمان داخراو بێت و دەبوو لە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکاندا بێت و ببێتە شوێنی لێک نزیکبوونەوەی لایەنەکان.
هەروەها جەختی کردەوە کە دانیشتنەکە تەواو یاسایی بووە و تەنانەت دادگای فیدراڵیی عێراقیش ناتوانێت هیچ کەموکوڕییەکی یاسایی لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بدۆزێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە نایانەوێت یەکێتی لە پرۆسەی حکومڕانی دووربخەنەوە و وتی: "پارتی هیچ کات یەکێتی نادیدە ناگرێت و نایەوێت بەبێ ئەو حزبە حکومەت پێکبهێنێت، تەنانەت لە خولی 4ەم و 5ەمی پەرلەمانیش دەمانتوانی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین، بەڵام نەمانکرد".
PM:03:22:06/11/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت