پشتیوان پێنجوێنی بۆ وێستگەنیوز: شەممە مەترسیی لافاو هەیە
وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە بارانبارین بەردەوام دەبێت و پەڵە دەدات، هاوکات هۆشداری لە مەترسیی دروستبوونی لافاو بەتایبەت لە ڕۆژی شەممەدا دەدات و ئاشکرای دەکات، لە دوای ڕۆژی یەکشەممەوە کەشوهەوا بە تەواوی سارد دەبێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بە وێستگەنیوزی ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆوە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بارانی ناوبەناو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و زەوی پەڵە دەدات، بۆ سبەینێش بارانێکی باش لە سلێمانی دەبارێت و بەگشتی لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا پێشبینی دەکرێت نزیکەی 100 ملم باران لە سنووری سلێمانی ببارێت.
سەبارەت بە لێزمەباران و مەترسیی لافاو، ئەو شارەزایەی کەشناسی وتی: بە تایبەت لە ڕۆژی شەممەدا مەترسیی دروستبوونی لافاو دەبێت لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک، دەڤەری ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیان، هاوکات لە هەندێک ناوچەش دیاردەی تەمومژ دروست دەبێت.
پشتیوان پێنجوێنی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەوە شەپۆلی بارانەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت، بەڵام لە بەرامبەردا کەشوهەوا بە تەواوەتی سارد دەبێت و وەرزی گەرما کۆتایی دێت، بە جۆرێک هاووڵاتییان پێویستیان بە داگیرساندنی زۆپا دەبێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو شارەزایە ڕوونیکردەوە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەفر دەبارێت، بەتایبەت لە سەنتەری حاجی ئۆمەران، هەروەها لە ڕۆژی دووشەممەشەوە شەپۆلێکی سەرما بە تەواوەتی ناوچەکە دەگرێتەوە.
AM:10:06:05/11/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت