شۆفێرانی پاس لە زاخۆ کۆتایی بە مانگرتن دێنن؛ گازوایلی پاڵپشتیکراویان بۆ دابین دەکرێت

‌

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی بەشێک لە شۆفێرانی پاسەکانی زاخۆ، بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەوە کارکردنیان ڕاگرت و مانیان گرت، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە لە وێستگەنیوزەوە مژدەی چارەسەریدا و رایگەیاند: کە گازوایلی پاڵپشتیکراویان بۆ دابین دەکرێت.

مانگرتنەکە دوای ئەوە هات کە نرخی یەک لتر گازوایل بۆ 1,500 دینار بەرزبووەوە، بە تایبەتی شۆفێرانی هێڵی ناوبازاڕ بۆ ئیبراهیم خەلیل و هێڵی گوڵان (ڕۆژهەڵاتی زاخۆ) کارکردنیان ڕاگرتووە، بە وتەی خۆیان تەواوی داهاتی ڕۆژانەیان تەنها بۆ سووتەمەنی دەچوو و تووشی زیان بووبوون، ئەم دۆخەش هاووڵاتییانی ناچار کردبوو تاکسی تایبەت بەکاربهێنن.

لەسەر ئەم قەیرانە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، وێستگەنیوز پەیوەندی بە بارزان سۆفی، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی زاخۆ کرد و ناوبراو وتی: دوای گەیاندنی داواکاری و گلەیی شۆفێرانی کۆستەر بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیار دراوە گازوایل بە نرخی پشتگیریکراو کە 750 دینارە بۆ هەر لترێک بۆ شۆفێران دابین بکرێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەفتانە 100 لتر گازوایل دەدرێت بە هەر شۆفێرێک و دابەشکردنەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەکات؛ بە شێوازێک کە لە دوو ڕۆژی جیاوازدا و هەر جارێک 50 لتر لە وێستگەکانی سەر ڕێگای ئیبراهیم خەلیل وەردەگرن.

لە بەرامبەر ئەم ئاسانکارییەدا، شۆفێران ڕازی بوون و داوایان لێ کراوە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە، لەگەڵ پابەندبوون بەوەی بە هیچ جۆرێک نرخی کرێی گواستنەوەی سەرنشینان لە ناو شاری زاخۆدا بەرز نەکەنەوە.


PM:05:44:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو