بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار؛ دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی تەمەن و بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو و تێیدا دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
لە دانیشتنەکەدا کە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستیپێکرد، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار رێژەی یاسایی تەواو کرا و لە ئاستی 50+1 تێپەڕی، هەرچەندە کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی بەشێک لە فراکسیۆنە سەرەکییەکان بەڕێوەچوو، تێیدا بە دەنگی سەرجەم 52 پەرلەمانتارە ئامادەبووەکە، دەستەی سەرۆکایەتی بەمشێوەیە هەڵبژێردران:
ڤالا فەرید - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (52 دەنگ):
پەرلەمانتاری پارتییە، لەدایکبووی ساڵی 1976ی هەولێرە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتیدا؛ ناوبراو پێشتر مامۆستای زانکۆ و لە خولی 4ی پەرلەماندا ئەندام و سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی بووە، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستی و بەشداریی کارایە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
رامی نووری - جێگری سەرۆکی پەرلەمان (52 دەنگ):
پەرلەمانتاری کریستیانە لە بازنەی هەولێر بە ناوی (رامی نوری عودیش دانیال) ناسراو بە سیاوەش؛ لەدایکبووی ساڵی 1985ی بەغدایە و دانیشتووی عەنکاوەیە، پێشتر پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوەی بەڕێوەبردووە، ناوبراو پارێزەری راوێژکار، نووسەر و چالاکوانی مەدەنییە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و سریانی دەزانێت.
مونا قەهوەچی - سکرتێری پەرلەمان (52 دەنگ):
پەرلەمانتاری پارتی چاکسازیی تورکمانییە بە ناوی تەواوی (منى نبی نادر عبداللە)، لەدایکبووی ساڵی 1978ی شاری هەولێرە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا؛ ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بووە و خاوەنی مێژوویەکی دیارە لە کاری سیاسی و رێکخراوەیی تورکمانەکاندا. پێشتر کاری مامۆستایی و پارێزەریی کردووە، هەروەها لە خولی 4 و خولی 5ی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندام، سەرۆکی فراکسیۆن و سکرتێری پەرلەمان بووە.
PM:01:05:04/11/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت