هەردی سەڵاح: پەکخستنی پەرلەمان بێڕێزییە بە دەنگی خەڵک و بەهانە دەداتە دەست بەغدا
وێستگەنیوز-
هەردی سەڵاح، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پەکخستن و چەقبەستوویی پەرلەمان لە زەرەری هەرێمی کوردستانە و مەترسییە بۆ سەر قەوارەکەی، هەربۆیە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و لەسەر بنەمای ئەو سوێندە یاساییەی خواردوویەتی، بە شانازییەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەردی سەڵاح روونیکردەوە کە پاراستنی بەرژەوەندی خاک و خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و وتی: "بە گوێرەی لێدوانی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان، لەکارخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم، ئێمە وەک نوێنەرانی گەل هاتووین گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکەین، بۆیە ئەمڕۆ بە شانازییەوە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەشداریم لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کردووە، چونکە هەرشتێک لە بەرژەوەندی خاک و خەڵکەکەمان بێت ئەوە دەکەین".
ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە هۆشداری دا لە لێکەوتەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم و ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئینکاری و ململانێ سیاسییەکانەوە خەریکە بەهانە دەدرێتە دەست بەغدا تا لەجیاتی ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدات، لە کاتێکدا ئەمە لە رووی نەتەوەیی و دەستوورییەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و پێویستە خۆمان بڕیار لە کاروباری خۆمان بدەین.
سەڵاح جەختی لەوە کردەوە کە پەرلەمان تاکە شوێنی شەرعییە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان و وتیشی: "هەر هێزێکی سیاسی هەر هەڵوێستێکی هەیە با بێت لەناو پەرلەماندا باسی بکات؛ شەڕ و ململانێی سیاسی، پێکهاتن، لێپرسینەوە و سزادانی حکومەت لەگەڵ دەرکردن و هەموارکردنی یاساکان دەبێت لەناو ئەم هۆڵەدا بکرێن، واتای چییە پەرلەمان پەک بخرێت؟ لەکارخستنی پەرلەمان و کۆبوونەوە لە دەرەوەی ئەم دامەزراوەیە، بێڕێزییە بە دەنگی خەڵک و دامەزراوەی شەرعی".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، هەردی سەڵاح هیوای خواست کە لەم خولەی پەرلەماندا دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە، بە جۆرێک بەندێکی تایبەتی تێدا جێگیر بکرێت کە رێگە لە هەر هێز و لایەنێکی سیاسی بگرێت لە داهاتوودا پەرلەمان پەکبخات یان ببێتە رێگر لەبەردەم کارەکانیدا.
AM:10:48:04/11/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت