سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار لە سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم
وێستگەنیوز –
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە شاری سلێمانی هێزێکی چەکداری دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە، تاوەکو بەشداری لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستاندا نەکات.
د. سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند، تاوەکو ئەم دەقەیە بڕیاری بەشداریکردنم لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، ئەگەر بڕیاریش بێت بەشدار بم، بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە و هەرگیز نابمە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی.
ئاماژەی بەوەش کردووە: من لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی هاووڵاتییاندا وەستاوم و لەو سەنگەرەش پاشەکشە ناکەم؛ هاوپەیمانیی من لەگەڵ مافەکانی گەلە نەک حیزب و دەسەڵات، زەمەن و کات پشتڕاستی قسەکانم دەکەنەوە، نە بەتەمای دەسەڵاتم و نە بە دوای ڕەزامەندیی حیزبەکاندا دەگەڕێم، تەنها لە بەرامبەر گەل بەرپرسم و جگە لە خوا و خێزانەکەم، لە هەموو کەس بێمنەتم.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: واتای چییە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا؟ براکەم لە تەلەفۆندا پێی وتم 'نەکەی بەشداری بکەیت ژیانم لە مەترسیدایە' و دواتر مۆبایلەکەیان لێ زەوت کرد، ئەمە چ هەڵسوکەوت و ویژدانێکە بۆ حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی؟!".
ئاماژە بەوەش دەکات، دڵنیا بن یەک تاڵە مووی سەری براکەم ئازاری پێ بگات کە من هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکمدا دەژیم هەرچی خوا پێی ناخۆشە پێتان دەکەم و دادگاکانی عێراق و جیهانتان لێ دەگرم و بێدەنگ نابم.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی ڕەوتی هەڵوێست داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانە بیانییەکان کرد بێنە سەر خەت و دۆخی ئازادی لە سلێمانی ببینن، جەختیشی کردەوە کە دیموکراسی لە مەترسیدایە.
AM:09:34:04/11/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت