زەیدی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە دڵنیای دەدات
وێستگەنیوز-
سەرۆك وەزیرانی
عێراق لە بەغدا پێشوازی لە فراكسیۆنی پارتی كرد و جەختی لە دەستەبەركردنی مووچەی
فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تر كردەوە، هاوكات تاوتوێی بڕگەكانی
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 و داهاتی نەوتیان كرد.
بەگوێرەی
ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی پێشوازی لە
سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق كرد، و
تێیدا تاوتوێی كۆمەڵێك دۆسیەی هاوبەش كرا لە پێشەنگیاندا خزمەتگوزاری،
پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، و بڕگەكانی
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027.
سەرۆك وەزیران
دوپاتیكردەوە كە حكومەت لە بەردەوامیدانە بە جەنگی دژی گەندەڵی و وشككردنی
سەرچاوەكانی، لە پاڵ گەشەپێدانی داهاتە نانەوتییەكان و دانانی پلانێكی فراوان بۆ
بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
سەرۆك وەزیران
داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆیان بگێڕن بۆ
پەسەندكردنی یاسا سەرەكییەكان، و جەختی لە پاراستنی شایستە داراییەكان كردەوە؛ لە
بەرامبەردا فراكسیۆنی پارتی دەستخۆشیی لە هەڵوێستەكانی حكومەتی فیدراڵ كرد لە
بەرامبەر دابینكردنی مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان.
لایخۆیەوە شاخەوان
عەبدوڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "پشتیوانیی
تەواوی فراكسیۆنەكەمان بۆ هەوڵە چاكسازییەكانی حكومەت دوپاتدەكەینەوە؛ هەروەها
هەرێمی كوردستان پابەندە بە دەستور و یاساكان بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەریی
كۆمەڵایەتی، و پێزانینمان بۆ هەڵوێستی سەرۆك وەزیران هەیە لە پاراستنی مافەكانی
هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تر".
PM:06:20:03/11/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت