بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار کەرتی خانووبەرەی تووشی ئیفلیج بوون کردووە

‌

وێستگەنیوز-


بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار کاریگەرییەکی قووڵ و راستەوخۆی لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون و خانووبەرە دروست کردووە، بە جۆرێک کە تێچووی دروستکردنی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە و بە گوێرەی ئامار و زانیاریی نووسینگەکانی خانووبەرەش، قەبارەی مامەڵەکان لە بازاڕدا بە نزیکەی %50 پاشەکشەی کردووە.

دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی دۆلار کەرتی خانووبەرەی خستووەتە قۆناغێکی سەختەوە، کە ئەمەش لە چەند لایەنێکی سەرەکیدا رەنگی داوەتەوە:

یەکەم- زۆربەی کەرەستەکانی بیناسازی وەک ئاسن، چیمەنتۆ، کاشی، مەڕمەڕ و کەرەستەی کارەبایی لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن و بە دۆلار دەکڕدرێن، کە ئەمەش لەگەڵ گرانبوونی کرێی کارکردن و گواستنەوەدا، تێچووی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی لە هەندێک حاڵەتدا بە ڕێژەی %20 بۆ %30 بەرزکردووەتەوە.

دووەم- بەپێی بەدواداچوونێکی دەزگای میدیایی وێستگەنیوز و قسەی خاوەن نووسینگەکانی خانووبەرە و یەکە نیشتەجێبوونەکان، بەرزکردنەوەی دۆلار بووەتە هۆی خاوبوونەوەیەکی گەورە لە پرۆسەی کڕین و فرۆشتندا، بە جۆرێک کە بە نزیکەیی %50 مامەڵەکردن لەم کەرتەدا پاشەکشەی کردووە و هاووڵاتییان و خاوەنکارەکان کەوتوونەتە دۆخێکی چاوەڕوانییەوە.

سیێەم- لە بەر ئەوەی زۆرینەی هاووڵاتییان مووچە و داهاتیان بە دینارە، بەهای راستەقینەی داهاتەکانیان دابەزیووە و توانای کڕینیان بۆ خانوو و شوقە لاواز بووە، هاوکات بەهۆی قەرز و خەمڵاندنی شوقەکان بە دۆلار، نرخی کرێی خانووبەرەش بەرزبووتەوە، کە ئەوەش بارگرانییەکی گەورەی خستۆتە سەر شانی خێزانە کرێنشینەکان.

لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەو کەسانەی نەختینەیان بە دۆلار یاخود دینار لەبەردەستدا بووە، کڕینی زەوی و خانوو بووەتە یەکێک لەو رێگا سەرەکیانەی کە سەروەت و سامانەکەیانی پێ لە بەرامبەر دابەزینی زیاتری بەهای دینار، کە ئەمەش وای کرد لە هەندێک شوێنی بازرگانیدا خواست تا رادەیەک بە بەرزی بمێنێتەوە.


PM:09:56:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت