بڕیاری لێخۆشبوون لە سزایی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی درا

‌

وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەردەکات.


وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هێشتا بڕیارەکە ڕێنمایی جێبەجێکردنی بۆ دەردەچێت و کەوتووەتە چوارچێوەی ماوەی دیاریکراوی ٩٠ ڕۆژەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری ژمارە (307)ی سەبارەت بە لێخۆشبوونی تەواوەتی لە سزاکانی دواکەوتنی پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکرد، بەو مەرجەی خاوەنکاران لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی بەشدارییەکان بدەنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن و هاندان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکار دەهێنرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە بە نووسراوی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە، و هەرکات ڕێنماییە پێویستەکان بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی دەرچوون و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی کوردستان) بڵاو کرایەوە، ڕێکارەکانی لێخۆشبوونەکە بە تەواوەتی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.


PM:03:30:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت