قائیمقامیەتی سلێمانی کێڵگەکانی سەوزەی لە تانجەرۆ لەناوبرد

‌

وێستگەنیوز-

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانیان لە سنووری ناوچەی تانجەرۆ بۆ تێکدان و لەناوبردنی ئەو کێڵگانەی سەوزە ئەنجامدا کە بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) ئاو دەدرێن.

لەوبارەیەوە، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: "ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و بەشی زیادەڕۆیی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو، بە ئامانجی تێکدان و لەناوبردنی یەکجارەکیی تەواوی ئەو کێڵگانەی سەوزە کە بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پیس و نەشیاوەوە، مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ژیان و تەندروستیی هاوڵاتییان دروست دەکەن".

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمی ئەو کێڵگانە بە هیچ شێوەیەک شیاوی خواردن نین و بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک کۆلێرا و دروستبوونی ژەهراویبوون لە کۆئەندامی هەرسدا. جەختیشی کردەوە کە پشکنین و چاودێرییەکانیان بەردەوام دەبن و بە هیچ جۆرێک رێگە بە کەس نادرێت سەلامەتیی هاوڵاتییان بکاتە قوربانی دەستکەوتی ماددی.

جێی ئاماژەیە، ناوچەی تانجەرۆ بەهۆی نزیکی لە هێڵی ئاوەڕۆی سەرەکیی شاری سلێمانی، بەردەوام رووبەڕووی ئەم جۆرە سەرپێچییە ژینگەیی و تەندروستییانە دەبێتەوە، هاوکات قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی هۆشداری دەداتە سەرپێچیکاران کە لە کاتی دووبارەکردنەوەی ئەم کارەدا، رووبەڕووی توندترین رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.


PM:02:44:02/11/2026














ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت