شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
وێستگەنیوز –
شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بەرفراوان و جێگیری بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
بەپێی نوێترین نەخشە و پێشبینییە کەشناسییەکان، لە ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە، شەپۆلێکی زۆر باش و باراناوی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەو شەپۆلە باراناوییە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
کەشناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر و داتاکانی ئەم شەپۆلە نوێیە بەراورد بە دۆخەکانی ڕابردوو زۆر باشتر و جێگیرترن، چاوەڕوان دەکرێت لەو وادەیەدا بارانی پەڵە لە ناوچە جیاوازەکاندا ببارێت، کە جووتیاران و هاووڵاتییان چاوەڕوانی دەکەن بۆ دەستپێکردنی وەرزی کشتوکاڵ و بووژانەوەی زەوی.
ئەم پێشبینییە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا چەند پێشبینییەکی هاتنی بارانبارین لە ئارادابوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی ئەو شەپۆلانە لەسەر هەرێمی کوردستان لاواز بوون لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەوروبەر کاریگەرییان بەهێزتر بوو؛ لە بەرامبەردا شەپۆلەکەی کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەگەری بارانبارینی سەرتاسەری و کاریگەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
AM:11:05:02/11/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت