سەنتەری میترۆ: بکوژانی رۆژنامەنووسان ئازادن

‌

وێستگەنیوز-

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا لە تاوانەکان بەرانبەر رۆژنامەنووسان رایگەیاند، کە لە هەرێمی کوردستان بکوژانی رۆژنامەنووسان ئازادن و دەستی دادپەروەری کورتە.


سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە، لە هەرێمی کوردستان نەتوانراوە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و جدی لە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت، بە جۆرێک دۆسیە هەرە دیارەکانی وەک (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و عبدالستار تاهیر شەریف) داخران بێئەوەی بکوژ یان داڕێژەرانی پلانەکان ئاشکرا بکرێن و ببرێنە بەردەم دادگا، لەبەر ئەوەش داوا دەکات سەرلەنوێ ئەو کەیسانە هەڵبدرێنەوە بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیری (یونسکۆ)، لە نێوان ساڵی 2025 بۆ 2026، لەسەر ئاستی جیهان 166 رۆژنامەنووس کوژراون و لە کۆی 7 حاڵەت لە 6 کەیسیاندا بکوژان لە سزا دەربازیان بووە.

یونسکۆ هۆشداری دەدات لەوەی دەربازبوون لە سزا دەبێتە هۆی توندوتیژی و کوشتنی زیاتر، لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ تێکچوونی سیستەمی دادوەری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی، هەربۆیە داوا لە حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندنەکان دەکات هاوکاربن لە چەسپاندنی سەروەریی یاسا.

جێی ئاماژەیە، لە ساڵی 2013ـەوە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 2ـی تشرینی دووەمی وەک رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی دەربازبوون لە سزا ناساندووە. لەو چوارچێوەیەشدا راپۆرتەکان دەریدەخەن لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2024 زیاتر لە 1700 رۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون و نزیکەی 90%ـی تاوانباران رووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پرسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لە هەستیارترین پرسەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین.


AM:09:26:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت