قەیرانی کۆڕەک تێلیکۆم دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە

‌

وێستگەنیوز-


ئەمڕۆ، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو مۆڵەتە فەرمییە کۆتایی هات کە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق(CMC) بۆ بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تێلیکۆم دیاری کردبوو بۆ زیادکرنی ژمارە مۆبایلێکی تر بۆ هەژمار و ئەپەکانیان لەپێناو لەدەستنەدانیان.

بنەمای سەرەکیی کێشەکە وەک دەستەکە رایگەیاندووە، بۆ قەرزە کەڵەکەبووەکانی مۆڵەت و باجی سەر کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە، کە بە نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێن و بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەکی گەورە لە کەرتی پەیوەندییەکاندا.

لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا و لەسەر راگرتنی سیمكارتەكانی لە بەغدا کۆڕەک تێلیکۆم ئەمڕۆ روونكردنەوەیەكی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرەڕای بەدەستهێنانی بڕیارێکی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەرۆکی دەستەکە و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی گرێبەستی رێککەوتنی دارایی و رەوایەتیی کارکردنی، سەرۆکی دەستەکە ملکەچی بڕیاری دادگا نابێت و بیانووی نوێ دەهێنێتەوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش داوە، نوسراوی پاساوهێنانی رێکارەکانی دەستەکە هەڵگری بەرواری پێشوەختەی (29ـی تشرینی یەکەمی 2026) بووە لە کاتێکدا ئەمڕۆ نێردراوە، بۆیە کۆمپانیاکە بە توندی مافی خۆی بۆ داواکردنی قەرەبوو دەپارێزێت.

سەبارەت بە داهاتووی کێشەکەش، ئەگەر هەردوولا نەگەنە رێککەوتن و قەرزەکان نەدرێنەوە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان چەندین رێکاری توندتر لە داهاتوودا دەگرێتە بەر، لەوانەش، کوژاندنەوەی تەواوەتیی سەنتراڵ و خزمەتگوزارییە دەرەکییەکان و ناردنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە (OTP)، وە دەست بەسەرداگرتنی موڵک و گشت دارایی و گواستراوەکانی کۆمپانیاکە، هەروەها قەدەغەکردنی یەکجاریی فرۆشتنی سیمکارتەکانی ئەو کۆمپانیایە و پچڕاندنی یەکجاریی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم تۆڕەکانی دیکە لە ناوەڕاست و باشوور و هەرێمی کوردستاندا.


PM:07:40:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت