بەغدا 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێم دەنێرێت و بە نرخی 250 دینار دابەش دەکرێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاشکرایکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم دەربڕیوە، کە بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەو بڕەی تەرخانکراوە تەنیا ٪18ـی پێداویستیی راستەقینەی هەرێم دابین دەکات، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن و 710 هەزار لیتر نەوت هەیە تا بتوانرێت بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راستەوخۆ دوای گەیشتنی بەشەنەوتەکە، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە و بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی فیدراڵ (250 دینار بۆ هەر لیترێک)، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵ دەبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەکە و زیادکردنی پشکەکە تا لەگەڵ پێداویستیی تەواوی خێزانەکانی هەرێمدا بگونجێت.
PM:04:36:01/11/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت