پۆلیسی دارستانی سلێمانی رێگری لە هەڵمەتێکی داربڕین دەکات و تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات
وێستگەنیوز-
مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە دوو ناوچەی جیاواز رێگرییان لە بڕینەوەی دارستانەکان کرد و دەستیان بەسەر دەیان داری بڕدراو، ئۆتۆمبێلێک و کەلوپەلی داربڕیندا گرت، هاوکات تۆمەتبارێکیش دەستگیر کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە چالاکیی یەکەمدا و لە گوندی سێکانیانی سەر بە شارەدێی سورداش، مەفرەزەکانیان رێگرییان لە هەڵمەتێکی فراوانی داربڕین کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا دەستبەسەر 25 بۆ 30 داری بڕدراوی جۆری بەڕوودا گیراوە کە لەلایەن سەرپێچیکارانەوە ئامادەکرابوون تاوەکو بگوازرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سنووری گوندی قەیوان، بنکەی پۆلیسی دارستانی شارەدێی گاپیڵۆن بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ بازگەی ئاسایشی قەیوان، توانیویانە دەست بەسەر بڕێک داری بڕاوە لەگەڵ کەلوپەلەکانی داربڕیندا بگرن.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە چالاکییەکەی قەیواندا، 1 تۆمەتبار لەسەر بڕینەوەی دارەکان دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر 1 ئۆتۆمبێلدا گیراوە کە بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنراوە.
AM:11:17:01/11/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت