تورکیا شانۆکارێکی کوردی دەستگیرکرد

‌

وێستگەنیوز-

لە کاتێکدا دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا و باکووری کوردستان لە ئارادایە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبووڵ، تەکین ئاغاجک، شاعیر و شانۆکاری کوردیان دەستگیرکرد دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەستۆنیاوە دیپۆرتکرایەوە.


تەکین ئاغاجک، تەمەن 53 ساڵ، ماوەی 10 ساڵ بوو وەک پەنابەر لە وڵاتی ئەستۆنیا دەژیا، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە دوای دوو جار رەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری و مانەوە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە پەکەکە" بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیدا و شەوی رابردوو رەوانەی تورکیای کردەوە.

پرۆسەی رادەستکردنەوەی ئەو ئەدیب و هونەرمەندە لەسەر داوای فەرمیی پێشوەختەی ئەنقەرە بووە. ناوبراو پێشتر و لە دوایین وتەکانیدا لە بەردەم دادوەری ئەستۆنیادا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردبووەوە و رایگەیاندبوو: "من تیرۆریست نیم و تەنانەت چەکیشم نییە".

بە گەیشتنیشی بۆ فڕۆکەخانەی ئەستەنبووڵ، دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەستکرا و رەوانەی بنکەی ئاسایش کرا.

ئەم هەنگاوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی، ئەو کەسانەی بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە تورکیایان بەجێهێشتووە دەبێت بە رەزامەندیی خۆیان بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاساکە تاوەکو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو هونەرمەندە بە زۆرەملی رادەستکرایەوە و دەستبەسەرکرا.


AM:08:43:31/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت