کەسوکاری گەنجە کوژراوەکەی شارەزوور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان راگەیاند

‌

وێستگەنیوز-

بنەماڵە و کەسوکاری ئارام ئیمامی، ئەو گەنجەی دوێنێ لە چایخانەیەکی قەزای شارەزوور درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەستدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وێڕای رەتکردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، داوایان لە دەزگا ئەمنییەکان کرد بکوژەکە دەستگیر بکەن و رێگە نەدەن کێشەکە پەرەبسەنێت.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نوێنەری کەسوکاری کوژراوەکە رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە ئارام پێشتر کەسێکی کوشتبێت و لەسەر ئەوە کوژرابێتەوە، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و کوڕەکەیان دەستی لە کوشتنی هیچ کەسێکدا نەبووە.

سەبارەت بە وردەکاری و پاشخانی کێشەکە، کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوە کرد کە رووداوەکە بۆ نزیکەی 6 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە لەسەر قەرز و مامەڵەیەکی کەم کە بڕەکەی نزیکەی 300 دۆلار بووە؛ بەهۆی کەمدەستییەوە چەند جارێک داوای پارەکەی لێکراوە و لە کاتی دروستبوونی شەڕ لە نێوانیاندا، ئارام کەسێکی بریندار کردووە، لەسەر ئەو کێشەیەش کوڕەکەیان رادەستی یاسا کراوە و ماوەی 5 ساڵ سزای زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و دوای تەواوکردنی ماوەی یاساییەکەی ئازاد کراوە.

کەسوکاری ناوبراو باسیان لەوەش کرد کە ئارام پێشمەرگە و کوڕی شەهید بووە و لە شەڕی دژ بە داعشدا بەشدار بووە، بەڵام بەهۆی ئەو کێشەیەوە لە وەزیفەکەی دەرکراوە، ئاماژەیان بەوەش کرد کە دوێنێ لە کاتێکدا لە چایخانەیەک دانیشتبوو و هیچ چەکێکی پێ نەبووە، لەلایەن بکوژەوە دەستڕێژی لێکراوە و کوژراوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دووپاتیان کردەوە کە وەک هۆزی ئیمامی هیچ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ هۆزی شەمێرانی نییە، بەڵکو پەیوەندیی خزمایەتی و ژن وژنخوازی لە نێوانیاندا هەیە، پێشتریش هەوڵی زۆریان دابوو لە رێگەی پیاوماقوڵان و مامۆستایانی ئایینییەوە کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام لایەنی بەرانبەر سوڵحیان قبوڵ نەکردبوو.

لە کۆتایی لێدوانەکەیاندا، کەسوکاری ئارام ئاشکرایان کرد کە کۆنتڕۆڵی تەواوی گەنجەکانی بنەماڵەکەیان کردووە بۆ ئەوەی پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبەن و رێگە بدەن یاسا سەروەر بێت، هاوکات وێڕای سوپاسکردنی هێزە ئەمنییەکان، داوایان کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە، چونکە هێشتنەوەی کەیسەکە بە نادیاری مەترسیی دروستبوونی کارەساتی دیکەی لێدەکەوێتەوە.


PM:10:33:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 1464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت