پۆلیسی گەرمیان: ئەو چەکدارەی چووە ناو مزگەوتەکە گومانی داعشبوونی لێدەکرێت
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو رووداوە ئەمنییە ئاشکرا دەکات کە لە کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیدا لە مزگەوتێکی قەزای کفری روویدا، کە تێیدا کەسێکی چەکدار و دەمامکدار هەوڵی دابوو لە رێگەی بڵاوکردنەوەی نامەیەکەوە پشێوی بنێتەوە.
سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانمان گەنجێکی چەکداریان دەستگیرکرد کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و دانیشتووی قەزای کفرییە، لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا دەست بەسەر دەمانچەکەیدا گیراوە".
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەنجە پێشتریش هەڕەشەی لە چەند مزگەوتێکی دیکە کردووە و لە ئێستاشدا گومانی ئەوەی لێدەکرێت پەیوەندیی بە چەکدارانی داعشەوە هەبێت، بەتایبەت کە لەسەر یەکێک لەو کاغەزانەی پێی بووە نوسراوە "دەوڵەتی ئیسلامی". وتیشی، ئەو کاغەزانەی لەلای تۆمەتبارەکە بوون بەشێکیان بە دەستوخەتی خۆی نوسراون و بەشێکی دیکەشیان بە کۆمپیوتەر ئامادەکراون و دواتر چاپکراون.
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی نوێژی هەینیدا ئەو چەکدارە دزەی کردبووە ناو مزگەوتەکە و نامەیەکی دابووە وتارخوێنی مزگەوتەکە بۆ ئەوەی لە وتارەکەیدا بیخوێنێتەوە بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتییان بۆ خۆپیشاندان و راپەڕین، بەڵام مامۆستا ئایینییەکە بە داناییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردبوو تا رێگری لە پشێوی بکات و دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی ئاگادار کردبووەوە.
پۆلیسی گەرمیان لە رێگەی دانانی بۆسەیەکەوە لە بازگەیەکی کفری توانیبووی تۆمەتبارەکە دەستگیر بکات، لە ئێستاشدا دۆسیەکە و تۆمەتبارەکە رادەستی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی کفری کراون و لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.
PM:08:12:30/10/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت