وەزارەتی دارایی دەنگۆی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی ئاوات شێخ جەناب رەتدەکاتەوە

‌

وێستگەنیوز-

راوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە داواکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیر دەکەن لەلایەن بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە سەردانی تیمەکەی وەزارەت بۆ لای ئاوات شێخ جەناب تەنیا مەبەست لێی داواکردنی گەڕانەوەی بووە بۆ سەر کارەکەی.


د. هاوڕێ کەمال، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، لە رونکردنەوەیەکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن گوایە شاندێکی بەڕێوەبەرە گشتییەکان سەردانی ئاوات شێخ جەنابیان کردبێت تا دەسەڵاتەکانی وەزیریان پێببەخشێت، "ناڕەوا و دوورن لە راستییەوە". ناوبراو روونیکردەوە کە دوای چەند هەفتەیەک لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر، بەڕێوەبەرە گشتییەکان وەک وەفایەک سەردانێکی دۆستانەیان کردووە و تێیدا تەنیا باسیان لە گرنگیی هاتنەوە و دەستبەکاربوونەوەی کردووە لەم قۆناغەدا.

راوێژکارەکەی وەزارەتی دارایی راشیگەیاند: "لە وەزارەت وەک تیمێکی هاوئاهەنگ و دوور لە ململانێی حزبی و کەسی کارمان کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافە داراییەکانی گەلەکەمان"، ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی ماندووبوونی فەرمانبەرانەوە لە ئێستادا هیچ تێبینییەکی هونەری لەسەر کار و ئەدای یەکە ژمێریارییەکانی هەرێمی کوردستان نەماوە.

ئاوات شێخ جەناب لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزیری دارایی لە کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدرابوو، ناوبراو لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە راگەیەندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند، هەروەها ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە کە گوایە داوای ناڕەوای لە بەڕێوەبەری خانوبەرەی میری کردبێت و ئامادەیی خۆی بۆ دادگاییکردن لە هەر شوێنێک پیشاندا.

وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی پێشتر ئاشکرای کردبوو، لە بەرواری 29ی 9ی 2026 لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە هۆشداری دراوەتە فەرمانبەرانی ئەو سنوورە، کە هەر کەسێک پابەندی فەرمانەکانی وەزیر بێت سزا دەدرێت، بەو هۆیەوە رایگەیاندبوو لە کەشێکی لەو جۆرەدا ناتوانێت کار بکات و تەنیا وەک تەماشاکەرێک بمێنێتەوە.


PM:04:58:30/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت