ئاڵا تاڵەبانی: ئەگەر پێشمەرگە بە کردار یەکنەخرێت ئەمریکا هاوکارییەکان دەبڕێت

‌

وێستگەنیوز –

ئاڵا تاڵەبانی ڕایگەیاند، قۆناغی نوێ لە زۆر ڕووەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر هێزی پێشمەرگە بە کردار یەکنەخرێت، واشنتن هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هەرێم ڕادەگرێت.


ئاڵا تاڵەبانی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان خۆیان بە باشی درک بەوە دەکەن کە قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە کە لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نییە.

سەبارەت بە دۆسیەی پێشمەرگە، ئاشکرای کرد: پێویستە هێزی پێشمەرگە بە تەواوی یەکبخرێت، بە پێچەوانەوە ئەو هاوکارییە دارایی و سەربازییەی لە ئەمریکاوە پێیان دەدرا، دەبڕدرێت.

جەختیشی کردەوە کە ئەم پەیامە لە ڕێگەی بەرپرسانی ئەمریکاوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە سەرکردایەتیی هەرێم دراوە.

ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، قۆناغی داهاتوو بریتی دەبێت لە بەهێزکردنی بەغدا، پێویستە هەمووان لە دۆسیەکانی نەوت، داهاتە گشتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پشتیوانی لە سەرۆک وەزیران بکەن.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ئاڵا تاڵەبانی باسی لەوە کرد، پشتیوانیکردن لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە واتای پشتیوانیکردنە لەو حکوومەتەی کە پارتی و یەکێتیش بە فەرمی تێیدا بەشدارن.


PM:02:34:29/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت