وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: بەغدا بێ راوێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی شەنگالەوە هەنگاو دەنێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێككەوتنی بەغدا سەبارەت بە شنگال بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ هەولێر بە پێچەوانەی ڕێككەوتننامەی ساڵی 2020 دەزانێت و جەختیكردەوە كە ئاسایشی دەڤەرەكە بە خوێنی 500 شەهیدی پێشمەرگە هاتبووە دی و سەپاندنی هەر واقیعێكی نەخوازراو پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەباردەبات.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێكتێگەیشتنانە دەكات كە حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال بە شێوەیەكی تاكلایەنە و بەبێ ڕاوێژكردن لەگەڵ هەولێر ئەنجامیان دەدات، و جەختیكردەوە كە هەر هەنگاوێكی لەو شێوەیە پێچەوانەی ڕێككەوتننامەی شنگالە كە لە مانگی (تشرینی یەكەم/10)ی 2020دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان واژۆ كراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شنگال و چیاكەی بە خوێنی 500 شەهید و سێ هەزار برینداری پێشمەرگە ئازاد كراوە و پێویستە ڕێز لەو قوربانیدانە بگیرێت.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هۆشداری دراوە كە سەپاندنی هەر واقیعێكی ئەمنی و كارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەكان، دۆخی دەڤەرەكە ئاڵۆزتر دەكات و ڕێگری لە ئاساییكردنەوەی ژیان دەكات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تاكە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنەكەیە بۆ پێكهێنانی ئیدارەیەكی شەرعی، دەستپێكردنەوەی ئاوەدانكردنەوە و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی سەدان هەزار ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمدا داوا لە بەغدا كراوە، "ئەگەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵكی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەكان؛ كێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەموان پشتیوان بن، چونكە سەقامگیری و ئارامی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترەوەیە".
ڕێككەوتننامەی شنگال لە مانگی (تشرینی یەكەم/10)ی ساڵی 2020 لە نێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتیی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان (یۆنامی) واژۆ كرا، بە مەبەستی دەركردنی گروپە چەكدارە نایاساییەكان، كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی یەبەشە و میلیشیاكان، و پێكهێنانی ئیدارەیەكی هاوبەشی ناوخۆیی. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، ڕێككەوتنەكە بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ دووشەممە فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتون لەسەر دانان بە فەرمیکردنی پێگەی سەربازییان لەناو سیستەمی ئاسایشیی حکومەتی عێراق، دهشڵێت، "نە لاپەڕەی مێژوومان دادەخەین و نە پشت لە قوربانیدانی ساڵانی خۆپاراستن دەکەین، بەڵکو لە قۆناغێکەوە کە جینۆساید و شەڕمان بەسەردا سەپێندرابوو، دەگوازرێینەوە بۆ قۆناغی کارکردن لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا".
AM:12:10:28/10/2026
ئهم بابهته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت