رێبەر ئەحمەد: هەژاری و کەمدەرامەتی نابێتە پاساو بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا
وێستگەنیوز-
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە بڵاوبوونەوەی فراوانی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە شەقامەکانی هەرێم دەگرێت و رایدەگەیەنێت، پەنابردنی هاووڵاتییان بۆ کڕینی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بە پاساوی هەژاری و نەبوونی توانای دارایی، بیانوویەکی راست و لەجێی خۆی نییە، بەوپێیەی ئۆتۆمبێل لە بنەڕەتدا هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی سەلامەتی هاووڵاتییان بۆ شوێنێکی دیکە.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا بوونی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بووەتە کێشەیەکی گەورە لە هەرێم بەهۆی بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لەسەر شەقامەکان، باسی لەوەش کرد کە بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە کە لە نێو خەڵکدا بە "مەلیکە" ناسراون، لە رووی سەلامەتییەوە مەترسیدارن.
لەو چوارچێوەیەدا ئاشکرای کرد: "ئێمە 3 ساڵ لەمەوبەر ئامێری زۆر پێشکەوتوومان هاوردە کرد بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە بکەین و بزانین چەندیان شیاوی ئەوەن لەسەر شەقامەکان بەکاربهێنرێن، بەڵام بەداخەوە پشکنینەکان دەریانخست کە تەنها ژمارەیەکی ئێجگار کەمیان لە ئاستی ئەوەدان هاتووچۆیان پێوە بکرێت و مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە".
وەزیری ناوخۆ تیشکی خستەسەر کۆسپەکانی بەردەم چارەسەرکردنی ئەم پرسە و روونیکردەوە، لەو کاتەدا پلانیان هەبوو بۆ ئەوەی بە تەواوی رێگری لە بڵاوبوونەوەیان بکەن، بەڵام بەداخەوە لە هەندێک لە سنوورەکان پێوەی پابەند نەبوون و پرسەکە کرا بە کارتێکی موزایەدەی سیاسی، بە هەمان شێوەی ئێستاش کە لە هەندێک شوێن هەوڵ دەدرێت بە پێدانی کۆد مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، رێبەر ئەحمەد هۆشداری توندی دا و جەختی کردەوە کە هیچ شتێک لە دەرەوەی رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ رێگەپێدراو نییە؛ هەر ئۆتۆمبێلێک بە هەر ژمارە و کۆدێک لەسەر شەقامەکان ببینرێت، رێنمایی روون هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی و خاوەنەکەشی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە. هاوکات ئاشکراشی کرد کە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە شێوازی یاسایی هاتوون بەڵام لە رووی سەلامەتییەوە نەگونجاون، لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی رێنماییەکی تایبەت دەکرێت تا سنوورێکی کۆتایی بۆ ئەم کێشەیە دابنرێت.
PM:03:43:27/10/2026
ئهم بابهته 396
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت