نوێنەری مەسعود بارزانی لە سلێمانی دەستی لەکارکێشایەوە
وێستگەنیوز – تایبەت
ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک و هەڵەبجە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی بوونەتەوە، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی وێستگەنیوز، لە نوێترین پێشهاتدا شێخ مەحمود شێخ کاوە حەفید، نوێنەری مەسعود بارزانی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، هاوکات ژمارەیەک فەرماندە و کادیری دیاری حیزبەکەش نامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی سەرکردایەتی کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وێستگەنیوز کەوتوون، بەهۆی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لەنێو ڕێکخستنەکانی پارتی لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک و هەڵەبجە، شێخ مەحمود شێخ کاوە حەفید بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەی داوە.
لە ئێستاشدا چەندین بەرپرسی باڵای پارتی و کەسایەتییە نزیکەکان لە بنەماڵەی بارزانی داوایان لێکردووە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕانەگەیەنێت تا ئەو کاتەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدرێت.
هەرچەندە پێشتریش ناوبراو چەند جارێک هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەی کردووە و پاشگەز بووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوبراو بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند: ئەمجارە لەو باوەڕەدا نیم لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییانەی پارتی لە پێکهاتەی ئۆرگانەکان و دابەشکردنی پۆستەکان لە سنووری کەرکوک، هەڵەبجە و سلێمانی مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، چەندین کادیر و بەرپرسی دیاری حیزبەکە نامەیەکی ناڕەزایەتیی فەرمییان ئاراستەی سەرکردایەتی کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە:
دانا شەهید جەزای عەلی کاتیب
توانا شەهید جەزای عەلی کاتب
هاوار شەهید مستەفا ڕەسوڵ
نەوزاد عەلی نەجار (برای شەهید ئەنوەر)
عەمید سەرحەد قادر
عەمید ئەرسەلان قرگەیی
هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا، دەیان کادیری دیکە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە دژی میکانیزمی گۆڕانکارییەکان و شێوازی دابەشکردنی پلە و پۆستە حیزبییەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی شارەکان.
هەر بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکیی نیگەرانیی ئەو کادیرە سیاسی و سەربازییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرپرسانی سلێمانی، کەرکوک و هەڵەبجە لە دەرەوەی ئەو شارانەوە دیاریکراون، لەکاتێکدا لەناو خودی ئەو ناوچانەدا کادیر و بەرپرسی خاوەن توانست هەن، وەک نموونەش ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی حسێن وەک بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە دەڤەری هەریرەوە هێنراوەتە سلێمانی، بەرپرسی پاراستنی سلێمانی خەڵکی ڕانیەیە، هیوا ئەحمەد مستەفا لە قەڵادزێوە دیاریکراوە بۆ کەرکوک، و لە سنووری هەڵەبجەش ناڕەزایەتی بەرامبەر محەمەد خورشید تۆفیق هەیە کە وەک بەرپرسی شارەکە دانراوە لەکاتێکدا خۆی خەڵکی هەڵەبجە نییە.
سەرەڕای پرسی پۆستەکان، کادیرە سەربازییەکان ڕەخنەی توند لە پێکهاتەی هێزەکان دەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن تا ئێستا پارتی یەک لیوای سەربازیی بۆ سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک دانەناوە، لەکاتێکدا بۆ دەڤەری سۆران فیرقەیەکی سەربازیی پێکهێناوە.
گرژییەکان تەنها لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیی یاداشتەکاندا نەمابوونەوە، بەڵکو بەپێی سەرچاوەکان، هەفتەی ڕابردوو لە سنووری ناوچەی سورێن دەمەقاڵێ و پێکدادان لەنێوان ژمارەیەک لە کادیرانی حیزبەکەدا ڕوویداوە و بەهۆیەوە هێزەکانی پۆلیس بە مەبەستی ناوبژیوانی و هێورکردنەوەی دۆخەکە، چوونەتە نێو بارەگای ناوچەکەوە.
PM:12:52:27/10/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت