پەیەدە داوای دەستوەردانی بەپەلە لە مەزڵوم عەبدی و دیمەشق دەکات: گرێ سپی بێخاوەن نییە و رێککەوتن پێشێل کراوە
وێستگەنیوز-
پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لە راگەیەندراوێکدا داوای لە مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی سوریا و پارێزگاری رەققە و تەواوی بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەتی دیمەشق کرد، بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و یاساییەکانیان جێبەجێ بکەن و بە کتوپڕی رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکان بەرانبەر بە خێزانە کوردەکان بگرنەبەر.
پەیەدە لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان کردووەتەوە و دەڵێت: "گرێ سپی زەوییەکی بێخاوەن نییە؛ نابێت دانیشتووانە رەسەنەکەی رووبەڕووی پێشێلکاریی سەپێندراو ببنەوە، یان لە مافە شەرعییەکانیان لەسەر خاک، موڵک و ماڵ و ناسنامەی خۆیان بێبەش بکرێن". هاوکات داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتیشی کردووە بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ سەرجەم ئاوارەکان.
ئەم پەیام و هۆشدارییەی پەیەدە وەک کاردانەوەیەکە بەرانبەر بەو هێرشەی دوێنێ دووشەممە کرایە سەر کاروانێکی خێزانە ئاوارە کوردەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شارۆچکەی گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان، کە بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێنران، لە هەمان کاتدا لیژنەی ئاوارەکانی شارۆچکەی سەرێکانی ئاشکرای کردبوو کە زیاتر لە 100 خێزانی کورد لەناو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی قەزای گرێ سپیدا گیریان خواردووە، پاشانیش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ پاراستنیان رەوانەی شوێنی ئاڵۆزییەکان کران.
لە بەشێکی دیکەی هەڵوێستەکەیدا، پەیەدە روونیکردووەتەوە کە ئەم هێرشانە پێچەوانەی رێککەوتننامەی مانگی کانوونی دووەمی رابردووی نێوان دیمەشق و هەسەدەیە، ئەو رێککەوتنەی دوای ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا و هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامدرا، کە بەندێکی سەرەکیی تێدا تەرخانکرابوو بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئارامی ئەو ئاوارانەی لە ساڵانی 2018 و 2019 لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئاوارە ببوون.
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان پێشتریش رووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئاداری رابردوودا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا رەزامەندی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابوو، بەڵام لە مانگی ئابی ئەمساڵدا هێرشکردنە سەر کاروانێکی زیاتر لە 400 خێزان کە لە حەسەکەوە بەرەو سەرێکانی (رەسولعەین) دەگەڕانەوە، بووە هۆی راگرتنی کاتیی گەشتەکانی گەڕانەوە تا دابینکردنی پاراستنی تەواوەتی گیانیان.
AM:10:54:27/10/2026
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت