کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ئاسایشی هەرێمی لە تاران دەستی پێ کرد

‌

وێستگەنیوز-


تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی نێوان ئێران، عەرەبستانی سعودیە، تورکیا و پاکستان لە تاران دەستی پێ کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان.

ئاژانسی هەواڵی ئێران بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە بە میوانداریی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە تاران بەڕێوەدەچێت، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیش پێکدێن لە ئاسایشی هەرێمی، لێکەوتەکانی دەستدرێژییە سەربازییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ گەلانی فەلەستین و لوبنان.

لە لایەکی دیکەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندەکانی سعودیە، پاکستان و تورکیا جەختی لە ئامادەیی تاران کردەوە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاڵپشتیکردنی هەر لێکتێگەیشتنێک کە بێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتیی و ئاسایشی ناوچەکە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێران داوای مافە یاساییەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەکات و بە توندی بەرگریی لە خۆی دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام درا، نوێنەرانی سەرەکیی بەشداربوو پێکهاتبوون لە، ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە و عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبوونەوە.


PM:05:59:26/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو