ئیلهام ئەحمەد لە سلێمانییەوە مەرجەکانی کوردی بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا خستەروو

‌

وێستگەنیوز-

ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری دیاری رۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی چوارچێوەی مەرجەکانی کوردی بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریادا خستەڕوو، جەختیشی کردەوە کە بەهیچ جۆرێک ناچنە ژێر باری دەسەڵاتێکی تاکڕەو و دەبێت مافە دەستووری و نەتەوەییەکانیان بە فەرمی بچەسپێنرێن.


ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانەی وتارێکیدا لە زانکۆی سلێمانی، ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی فیداکاری و قوربانیدانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەلماندوویانە کە خاوەن بوونی خۆیانن، بۆیە پێویستە دەوڵەتی سوریا بە فەرمی دان بەم ناسنامەیەدا بنێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا لێیان زەوت کرابوو.

ئەو سیاسەتمەدارە روونیکردەوە کە پرسی کورد تەنها تایبەت نییە بە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵکو ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی کورد لە شارەکانی دیمەشق، حەلەب، حەما و لازقیە نیشتەجێن و دەبێت مافەکانی ئەوانیش لە رێگەی گۆڕینی پڕۆگرامی پەروەردەیی بەعس و دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک پارێزراو بێت.

سەبارەت بە شێوازی فەرمانڕەوایی، ئیلهام ئەحمەد وتی: "ترسێکی زۆرمان لە سەرهەڵدانەوەی عەقڵیەتی مەرکەزی و تاکڕەوی هەیە کە لە دیمەشقدا زاڵە؛ بڕوای نەگۆڕمان وایە کە دەبێت سوریا ببێتە دەوڵەتێکی لامەرکەزی"، ناوبراو ئاماژەی بە رۆڵی پێشەنگی ژنان لە بەڕێوەبردندا کرد و دووپاتیکردەوە کە پێویستە نوێنەرایەتیی کورد بەپێی قەبارەی خۆی کە لە نێوان 20% بۆ 25%ـە، لەناو پەرلەمان، وەزارەتەکان، باڵیۆزخانەکان و کۆمیتەی داڕشتنەوەی دەستووری نوێدا مسۆگەر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد هۆشداری دا کە ئامانجیان تێکەڵبوونەوەیە لەگەڵ سیستەمی سوریا بە مەرجی پاراستنی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان نەک توانەوە لەناو دەسەڵاتی ناوەنددا، هەروەها بە توندی پێشنیازێکی دیمەشقی رەتکردەوە کە تێیدا خوێندنی زمانی کوردی بۆ تەنها 2 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە دانابوو و ئەوەی بە "سوکایەتیکردن بە مافەکانی کورد" لەقەڵەمدا.

هاوکات وەک مەرجێکی سەرەکی، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا وەک پێکهاتە و یەکەیەکی تایبەت لە چوارچێوەی سوپای سوریا بەشدار بن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ساڵی 2012 لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی 2019 بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا کۆتاییان بە خەلافەتی داعش هێنا، لە کاتێکدا دوای پێکدادانەکانی سەرەتای ئەمساڵ، رێککەوتنێک لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع هاتە کایەوە بە ئامانجی یەکخستنەوەی سەربازی و سیاسیی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دەوڵەتی سوریادا.


PM:02:24:26/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت