دژی مامەڵەی خراپ و جیاکاری، ئەندازیاران و فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە
وێستگەنیوز –
ئەندازیاران، تەکنیکاران و فەرمانبەرانی کاروباری هونەری لە پارێزگای سلێمانی، دژی مامەڵەی خراپ و پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەکەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، لە ڕێگەی یاداشتێکی فەرمییەوە سکاڵای خۆیان گەیاندە پارێزگاری سلێمانی.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەندازیاران، تەکنیکاران و فەرمانبەرانی کاروباری هونەری لە پارێزگای سلێمانی، دژی مامەڵەی خراپ و پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەکەوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
لە میانی گردبوونەوەکەیاندا، ئەو فەرمانبەرانە یاداشتێکیان ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی کرد و ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە جیاتی پێزانین بۆ دڵسۆزی و ماندووبوونیان لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا، وەک کەسێکی نامۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هەروەها ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لە بوونی جیاکارییەکی زۆر لە پێدانی پاداشت، نووسراوی سوپاس و پێزانین، لەگەڵ ناردنە دەرەوە بۆ ئەرکی فەرمی (ئیفاد)، بە جۆرێک کە سەرجەم داواکارییەکانی ئەوان پشتگوێ دەخرێن و فڕێدەدرێنە سەتڵی خۆڵەوە.
هاوکات لە بەشێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکەیاندا، فەرمانبەرانی بەشە هونەرییەکان باسیان لە دەرکردنی زنجیرەیەک ڕێنمایی نایاسایی کردووە تایبەت بە مۆڵەت و کاتژمێرەکانی کارکردن، سکاڵاشیان لە شێوازی مامەڵەی توند و بێڕێزیکردن کردووە لەکاتی دەرچوونیان بۆ لیژنە دەرەکییەکان.
جەختیشیان لەوە کردووەتەوە لە کاتی دروستبوونی هەر کێشەیەکی یاسایی لە ئەنجامی کارەکانیان، ئیدارەی پارێزگا بە تەنیا جێیان دەهێڵێت و هیچ هاوکاری و پشتیوانییەکیان ناکات.
PM:01:04:26/10/2026
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت