گومرگی هەرێم: هیچ فەرمانێک بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران نەگەیشتووە و هاتووچۆ ئاساییە

‌

وێستگەنیوز –

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێم، دەنگۆی دەرکردنی فەرمان بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەلایەن بەغداوە پێ نەگەیشتووە و تەواوی دەروازەکان بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن.


ئەمرۆ یەک شەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ڕایگەیاند، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە هەر سێ دەروازە فەرمییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران (حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان) بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەک لە کارەکانیاندا ڕووینەداوە.

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە چەند میدیایەکی عێراقیدا باس لە پێشنیازێکی ئەمریکا کرابوو سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، بەڵام پێشنیازەکە لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕەتکرابووەوە.

سەبارەت بە داخستنی دەروازەکانی تری عێراق لەگەڵ ئێران، لە 21ـی تشرینی یەکەمەوە تەنها دەروازەی شەیب داخراوە، بە وتەی وتەبێژی حکوومەتی عێراق، هۆکاری داخستنی ئەو دەروازەیەش تەنها پەیوەستە بە کێشەی تەکنیکی و کارکردن بۆ پەرەپێدانی سیستمەکەی، نەک هیچ بڕیارێکی سیاسی یان ئەمنی.



PM:02:27:25/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت