سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی کرێی فەرمیی هێڵەکان دیاری دەکات
وێستگەنیوز-
سەندیکای شۆفێرانی
پاس لە سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی وەرگرتنی هەزار دینار کرێی گواستنەوە لە
هێڵەکانی ناو شاردا سەرپێچییە و جەخت دەکاتەوە، کرێی فەرمی بەپێی درێژیی هێڵەکە لە
نێوان 500 بۆ 700دیناردایە، هاوکات زیادبوونی بەشە بەنزینی شۆفێران و دواکەوتنی پڕۆژەی نوێکردنەوەی
پاسەکان بەهۆی ئاڵۆزییە هەرێمییەکانەوە رادەگەیەنێت.
ئازاد
ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی پاس لە سلێمانی ئاشکرای کرد کە بەرزبوونەوەی
لەناکاوی نرخی سووتەمەنی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە شۆفێرانی هانداوە
خۆسەرانە کرێی گواستنەوە زیاد بکەن، ئەمەش سەرلێشێوانی لێکەوتووەتەوە، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە کرێی فەرمی دیاریکراوە، ئەو
هێڵانەی ناگەنە شەقامی 60 مەتری کرێکەیان 500دینارە و ئەوانەی ڕوو لە شەقامی 60 مەتری دەکەن 750دینارە، و هیچ بڕیارێک بۆ وەرگرتنی هەزار دینار نییە، جگە لە هێڵی تاسڵوجە-سلێمانی
کە نرخێکی تایبەتی هەیە.
بۆ پاڵپشتیکردنی
شۆفێران و کەمکردنەوەی بارگرانییان، دوای گفتوگۆ لەگەڵ قائیمقامیەتی سلێمانی،
بەشەبەنزینی هەفتانەی پاسەکان لە 50 لیترەوە بۆ 70لیتر زیاد کراوە و بە دوو قۆناغ (شەممە و سێشەممە) بە نرخی 750دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت،بەڵام دابینکردنی غازی شل (LPG) بەهۆی کەمیی بڕەکەی و بەرزیی نرخەکەیەوە هێشتا دەستەبەر
نەکراوە.
سەبارەت بە کەرتی
گواستنەوە، لە سلێمانی نزیکەی هەزار و 750 پاس لەسەر 13 هێڵ کار دەکەن، سەرەڕای
تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ گۆڕینی پاسە کۆنەکان بە پاسی
مۆدێرن لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی نێوان
ئێران و ئەمریکا و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە بوونەتە هۆی دواکەوتنی
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
PM:04:49:24/10/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت