وێستگەنیوز-
لە چوارەمین دیداری گۆڵەخانەدا، ئەبوبەکر کاروانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی، پێگەی هەرێمی کوردستان، و مەترسییەکانی ناوچەکە، جەختیشی لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆیان کردەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاری و پێشهاتەکان بەردەوامن و کورد لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دۆخێکی گەورەتر دەبێتەوە و هۆشداری دا کە تۆفانەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم دەرگاماندایە.
هەروەها ڕەخنەی لە پێگەی ئێستای کورد گرت و ڕونی کردەوە کە ئێمە لە ئێستادا تەنها نیمچە هێزین، لە کاتێکدا بۆ ئەوەی کەس حساب بۆ داواکارییەکانت بکات و دەرفەتەکان بقۆزیتەوە، دەبێت خاوەنی هێزێکی ڕاستەقینە بیت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە هێز بە بوونی یەکگرتوویی و تباوەییەکی ناوخۆیی، هەبوونی دامەزراوەی نیشتمانیی بەهێز، پەیوەندییەکی ساغڵەم و پتەو لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا، هەروەها خاوەندارێتیی هێزی سەربازی و ئابوورییەکی سەربەخۆ کە لەسەر پێی خۆی وەستابێت، دروست دەبێت.
سەبارەت بە شێوازی تێپەڕاندنی قەیرانەکان، کاروانی دۆخی ئێستای بە نموونەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی بەراورد کرد و ڕوونی کردەوە کە وەک چۆن لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و شەڕدا، ناکۆکییە خێڵەکییەکان دەخرێنە لایەک تاوەکو قۆناغەکە کۆتایی دێت، بە هەمان شێوە لایەنە کوردییەکانیش دەبێت لەبەردەم ئەم مەترسییە گەورەیەدا ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان سەرکەن و ڕایبگرن.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ناوبراو چەند پێشنیازێکی بەپەلەی خستەڕوو و داوای کرد ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دروست بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە. هاوکات داوای ڕاگەیاندنی ماوەیەکی بێدەنگی کرد کە بۆ نموونە 48 ڕۆژ دەبێت و تێیدا هەموو قسەکردن، ڕەخنەگرتن، و کێبڕکێ سیاسییەکان لەسەر حوکمەت، پەرلەمان و ناوخۆ ڕابگیرێن، بە ئامانجی حەواندنەوەی تەواوی خەڵک و ڕێگەخۆشکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوبەشی ئاستەنگەکان.
PM:04:30:24/10/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه