شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرمای زستانە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات
وێستگەنیوز –
لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکەی بەهێز ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرماش بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، بەجۆرێک کەشێکی زستانە دەستپێدەکات.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ماوەی 4 ڕۆژی داهاتووی ئەم هەفتەیەدا کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە جێگیری دەمێنێتەوە؛ ئاسمان زۆربەی کات ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵەهەور، هاوکات پلەکانی گەرماش کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.
هەر بەپێی پێشبینییەکان، ئەم ئارامییەی کەشوهەوا لە درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت، کاتێک ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاست هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستەهەوایەکی شێداری مەداری لە دەریای سوورەوە.
ئەم بارودۆخە کەشە دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناجێگیریی مامناوەند بۆ بەهێز لە بەرگەهەوادا، کە بەهۆیەوە هەورەبرووسکەی بەهێز، بارانی بەخوڕ و لە هەندێک کات و شوێنی جیاوازیشدا تەرزە دەبارێت.
پێشبینی دەکرێت لە میانی ئەم شەپۆلەدا بڕێکی باش باران لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم ببارێت و کاریگەرییەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
هاوکات بارستەهەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنی کەشێکی تەواو زستانە، بەجۆرێک پێویست دەکات هاوڵاتییان ئامێرەکانی گەرمکەرەوە بخەنە گەڕ.
AM:09:35:24/10/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت