دادگای سلێمانی: کڕینی خانووبەرە لەلایەن هاووڵاتییانی عێراقەوە هیچ بەربەستێکی یاسایی لەسەر نییە

‌

وێستگەنیوز-


سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بڕیارێکی دادگای کارگێڕیی سلێمانی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە، دەستوور و یاساکان گەرەنتی مافی خاوەندارێتیی خانووبەرە بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق دەکەن بەبێ جیاکاری.

بەپێی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کە لە ڕێکەوتی 2026/10/21 دەرچووە، بڕیاری ژمارە (57/ک/2026)ـی دادگای کارگێڕیی سلێمانی کە لە راگەیاندنەکاندا لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە، تەنها هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێکی کارگێڕییە لە رووی تایبەتمەندێتییەوە و تاوەکو ئێستا پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە، بەوەش ناکرێت گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بڕیار لێدراوە بکرێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق لەلایەن دەستوور و یاسای تۆمارکردنی خانووبەرەوە رێکخراوە، و هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە رێگربێت لەوەی هاووڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق ببنە خاوەنی شوقە و خانووبەرە، چونکە بەپێی دەستوور هەمووان لە ماف و ئەرکدا یەکسانن.


PM:11:28:21/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت