شەپۆلێکی هەورەبرووسکەی بەهێز و بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە
وێستگەنیوز-
شەپۆلێکی ناجێگیریی کەشوهەوا روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک دەکات، کە هەورەبرووسکەی توند و بارانبارینی لەنێوان کەم بۆ مامناوەندی لەگەڵدا دەبێت و لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و باکووری ئیدارەی گەرمیان هەورەبرووسکە دروست دەبێت و بارانێکی کەم دەبارێت، هاوکات لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا دۆخی ناجێگیریی کەشوهەوا لە سنووری کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە و باکووری گەرمیان زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز و چڕ.
ئەو شارەزایەی کەشناسی روونیشیکردەوە، قەبارەی بارانەکە بە گشتی زۆر نابێت و بەپێی کات و ناوچەکان لەنێوان کەم بۆ مامناوەند دەمێنێتەوە، بەڵام برووسکەکان توند و بەهێز دەبن.
لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی راپەڕین بە هەمان شێوە ئەگەری دروستبوونی هەورەبرووسکە و بارینی تاوەبارانی لاوازیان لێدەکرێت.
PM:12:04:21/10/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت