مەسعود بارزانی و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمانیان تاوتوێ کرد

‌

وێستگەنیوز-


لە پیرمام، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ شتێفان ڤێنت بەرپرسی نوێی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی سەرەکی تاوتوێی ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا.

ئەم کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی لایەنە سیاسییەکان بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی بەڕێوەچوونی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کوردستان، بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، هەردوولا بیروڕایان لەسەر بەربەستە سیاسییەکان و رێگەچارەکانی کاراکردنەوەی دامەزراوەکان ئاڵوگۆڕ کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم دیدارەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، بایکۆتکردنی پەرلەمان راکردنە لە بەرپرسیاریەتی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان چاوەڕوانی کۆبوونەوە بوون لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دواخراوە، جەختیشی کردەوە، هەر کاتێک یەکێتی ئامادە بێت ئەوانیش بۆ گفتوگۆ ئامادەن.


PM:05:44:20/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت