ڕاگەیاندنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بۆ وێستگەنیوز: نرخی بەنزین دادەبەزێت
وێستگەنیوز-
بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕاگەیاند، نرخی بەنزینی بازرگانی ڕووی لە دابەزین کردووە و پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم شەپۆلی دابەزینە بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تەشرینی یەکەمی 2026، سەلام عومەر بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی بازرگانی ڕووی لە دابەزین کردووە و پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم شەپۆلی دابەزینە بەردەوام بێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی بەنزین لەم ماوەیەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی خواست و داواکاری لەسەر سووتەمەنی هاوکات لەگەڵ گۆڕانی وەرزدا، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان دروستکردووە.
سەلام عومەر ڕایشیگەیاند، ئێستا لە چەندین بەنزینخانە نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بۆ خوار هەزار دینار دابەزیوە، بەڵام دابەزینی زیاتر بۆ 800 دینار ئەستەمە بەهۆی ناسەقامگیریی نرخی دۆلار و کاریگەرییەکانی بازاڕی جیهانیی نەوت.
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی، باس لەوەش کرا، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە %50ـی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەنزینی نۆرماڵ بەکاردەهێنن، دابەزینی نرخی نۆرماڵ دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نرخی جۆرەکانی دیکەش موحەسەن و سوپەر بەرەو دابەزین بچن.
سەلام عومەر جەختی کردەوە لەوەی کە نرخی بەنزینی بازرگانی بەردەوام بەستراوەتەوە بە هاوکێشەی خستنەڕوو و خواست، نرخی دۆلار و بارودۆخی سیاسی و ئابووری ناوچەکە، بۆیە ناتوانرێت پێشبینییەکی درێژخایەن بکرێت.
بەڵام دابینکردنی ڕۆژانەی نزیکەی 3 ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومی 750 دیناری، ڕۆڵێکی گەورە و ئەرێنی بینیوە لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی بازاڕ و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخەکان.
PM:12:28:20/10/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت