نەوەی نوێ لە دووەم ساڵیادی هەڵبژاردندا: ئەزموونی هەرێم لە لێواری لەناوچووندایە
وێستگەنیوز-
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی خەڵک چاوەڕێی دەکرد بەدینەهاتووە، هاوکات دەسەڵات و چەند لایەنێک تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەزموونی هەرێمیان بەرەو لێواری لەناوچوون بردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا تیشکی خستە سەر تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی بەشخوراوی هەرێم بە ئومێدی گۆڕانکاری و ژیانێکی شکۆمەندانەتر چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەو گۆڕانکارییەی هیوایان پێیبوو هێشتا بەدی نەهاتووە.
فراکسیۆنەکە ڕەخنەی لە دەسەڵات و هێزە سیاسییەکان گرت و وتی، هەموو جیهان شاهیدە هەندێک لایەنی سیاسی بەهۆی دەستبەردارنەبوونیان لە پۆست و سازشنەکردن بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، خەریکە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرەو لێواری لەناوچوون دەبەن و ڕۆژ دوای ڕۆژ گوزەرانی خەڵکیان خستووەتە ناڕەحەتیی زیاترەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: هەموو خەڵک شاهیدن کە چەندین جار فراکسیۆنی نەوەی نوێ و سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان هەوڵیاندا کۆبوونەوەکان ئەنجام بدرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام هەرەمی دەسەڵات و هەندێک لایەنی تر کە ئەمڕۆ هاتوون باس لە چالاککردنەوەی پەرلەمان دەکەن، هەر ئەوان بوون بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و نەیانهێشت ڕێژەی یاسایی تەواو بێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، نەوەی نوێ جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتییان تاکە ڕێگەیە بۆ خزمەتی خەڵک، هاوکات ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان ئەگەر لایەنەکانی دیکەش هەمان ویستیان هەبێت.
AM:11:57:20/10/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت