فراکسیۆنی پارتی لە ساڵیادی هەڵبژاردندا: پەلە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت
وێستگەنیوز-
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی 6ـەم، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات هەنگاو بنێن بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان.
فراکسیۆنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداریکردن و بە بەرپرسیارێتییەوە دەنگیان داوە بۆ پاراستنی ئایندەی هەرێم، بەڵام بە داغەوە تا ئێستا پەرلەمان کارا نییە و نەیتوانیوە ئەرکە یاساییە چاوەڕوانکراوەکانی لە سیستەمی حوکمڕانیدا جێبەجێ بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە فراکسیۆنەکەیان هەمیشە ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و سازدانی کۆبوونەوەکان بووە و پشتیوانی لە هەموو دەستپێشخەرییەک کردووە، هەربۆیە ئێستاش بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات تا پێکەوە رێکار و ئەرکەکانی دانیشتنی یەکەم تەواو بکەن و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن، وەک سەرەتایەکی پێویست بۆ بەدەمەوەچوونی داخوازیی چین و توێژەکان لە پێناو پەلەکردن لە کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوەیەدا.
فراکسیۆنی پارتی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراکسیۆن و پەرلەمانتاراندایە، پێداگریش دەکات لەسەر ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەکی سیاسی و حزبییەوە، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە گرێدراوی شەرعییەتی دەنگی هاوڵاتییان و مانەوەی قەوارەی هەرێمە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، فراکسیۆنی پارتی هیوای خواستووە ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێنرێت و لە رێگەی دیدێکی هاوبەش و کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمانەوە، رێز لە ماف و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت و هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی کاری یاسادانان و حوکمڕانی لە سەرجەم رووەکانەوە بنرێت.
AM:09:34:20/10/2026
ئهم بابهته 380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت