پێشنیازی وەرگرتنی قیستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە دینار ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

‌

وێستگەنیوز-


دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان پێشنیازێک ئامادە دەکات بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی ناچارکردنی کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتنی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار و بە بەهایەکی دیاریکراو، تاوەکو کێشەی بارگرانیی دارایی هاووڵاتیان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلارەوە چارەسەر بکرێت.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشنیازەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن، چونکە ئەو هاووڵاتیانەی یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە ناچارن قیستەکانیان بە دۆلار بدەن و لەگەڵ دابەزینی بەهای دیناردا تووشی زیانی دارایی و زەحمەتی بوونەتەوە.

لە پێشنیازەکەدا داوا کراوە سەرجەم کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ناچار بکرێن کرێ و قیستی نیشتەجێبوون بە دینار بپێورێت و وەربگیرێت، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختیشی کردەوە، ئامانج لەم هەنگاوە کەمکردنەوەی جیاوازیی نرخی دراو و ئەو بارگرانییەیە کە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتیان.


PM:05:06:18/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت