بانکی ناوەندی عێراق سیستەمێکی نوێی بۆ گۆڕینەوەی پارەی تێکچوو و دڕاو راگەیاند
وێستگەنیوز-
بانکی ناوەندیی عێراق خستنەکاری سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی نوێی راگەیاند، بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەو دراو و پەڕە نەقدییانەی کە دڕاون، سووتاون یاخود بە هەر هۆکارێک زیانیان پێگەیشتووە و تێکچوون، بە دراوی نوێ و ساغ.
بەپێی راگەیەندراوی بانکی ناوەندی کە ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، سیستەمەکە لە پێناو ئاسانکاریکردن لە رێکارەکان، خێراکردنی راژەکان، نەهێشتنی رۆتین و بڕینی دەستی دەڵاڵان کارا کراوە، کە پێشتر بە داشکاندنی زۆر و کەمتر لە بەهای راستەقینەی خۆی پارە زیانپێکەوتووەکانیان لە هاووڵاتییان وەردەگرت.
لەمەودوا هاووڵاتییان لە هەر شوێنێک بن دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ داواکارییەکانیان لە رێگەی دەروازەی نیشتمانیی "ئوور" یان بەستەری تایبەتی (https://currency.app.cbi.iq) بە شێوازی ئۆنلاین تۆمار بکەن، دواتریش لە ماوەی نێوان 1 بۆ 15 رۆژدا لە رێگەی بانکە فەرمییەکانەوە بەهای تەواوی پارەکەیان بە نوێ وەربگرنەوە.
بانکی ناوەندی هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی داواکارییەکەی لە 4 خاڵدا دیاریکردووە:
کردنەوەی هەژماری تایبەت لە رێگەی بەستەری فەرمی یان دەروازەی "ئوور".
تۆمارکردنی زانیارییە کەسییەکان، لەوانە: (ناوی چوارینە، ژمارەی پەیوەندی، شوێنی نیشتەجێبوون و بەڵگەنامە فەرمییەکان).
دیاریکردنی جۆر و بڕی ئەو پارە دڕاو و تێکچووەی داوای گۆڕینەوەی دەکرێت.
دوای ناردنی داواکارییەکە، دەستەیەکی تایبەت وردبینی لە زانیارییەکاندا دەکەن و لە رێگەی پەیوەندییەوە کات و رۆژی سەردانی بانک بۆ هاووڵاتییەکە دیاری دەکەن تا دراوە نوێیەکە وەربگرێت.
بانکی ناوەندیی عێراق جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە و کوالێتیی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و کەمکردنەوەی کات و ماندووبوونی هاووڵاتییان.
AM:11:17:18/10/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت