وەزارەتی کارەبا: ئەمڕۆ دوا دەرفەتە بۆ داشکاندنی قەرزە کۆنەکان
وێستگەنیوز-
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا هاوبەشانی ئاگادار کردەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026، دواین مۆڵەتە بۆ سوودوەرگرتن لە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا بەر لە دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی، کە بۆ ماڵان بە رێژەی 50% و بۆ پۆلی بازرگانی بە رێژەی 25% دیاریکراوە.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، لە کاتژمێر 8:30ی بەیانییەوە تەواوی فەرمانگە و بنکەکانی فرۆشتنی وزە لە سەرانسەری هەرێم بە کراوەیی دەمێننەوە تا ئەو کاتەی هاوبەشێک لە هۆڵەکاندا مابێت، هاوکات هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی "ئی-پسوولە" تا کاتژمێر 12ی نیوەشەوی ئەمڕۆ قەرزەکانیان بە داشکاندنەکەوە پاکتاو بکەن.
وەزارەتەکە هۆشداریش دەدات کە لە دوای ئەمڕۆوە هیچ داشکاندنێک ناکرێت و ماوەکە درێژ ناکرێتەوە، بەڵکو تەواوی قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێنە قیستی مانگانە و لەگەڵ کرێی ئاسایی بەکارهێنانی کارەبادا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی رووناکی، تاوەکو ئێستا 180 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی 50% سوودمەند بوون و بڕی زیاتر لە 350 ملیار دینار لێخۆشبوون ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا لە ئێستادا 725 هەزار هاوبەشی دیکە ماون کە قەرزاری پێشووی کارەبان.
AM:09:09:18/10/2026
ئهم بابهته 412
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت